ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. ریال مەدرید دەیەوێت سیناریۆی یاریی کۆتایی دووبارەبکاتەوە

 



رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەردەوامن، ئەمشەو دوو یاریی سەرنجڕاکێش و بەهێز بەڕێوەدەچن و یاریی لووتکە لە ئانفێڵد دەبێت.
 
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دووەمی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پاڵەوانی وەرزی رابردوو و پاڵەوانی جامی جیهانی یانەکان دەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت.
 
پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە یانەی ریال مەدرید بەرەو لیڤەرپوول بەڕێکەوت، دوای گەیشتنی بۆ شارەکەش یانەکە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییە گرنگ و بەهێزەکەی ئەمشەو ئەنجامدا، بەڵام لە تواناکانی چەند یاریزانێکی بێبەش دەبێت.
 
هەریەکە لە فێرلان مێندی، تۆنی کرووس، ئورلیێن چوامینی و ماریانۆ دیاز یاوەری پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتی ناکەن لە یارییەکەی ئەمشەودا، بەڵام ئەوەی بۆ هاندەرانی یانەکە جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، گەڕانەوەی کەریم بنزیمایە و ئەنچێلۆتیش دەڵێت " بنزیما لە یارییەکەدا بەشێوەی سەرەکی یارییدەکات."
 
لیڤەرپوول لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا یارییدەکات، یانەکە بەر لەوەی بۆ یاریی گەڕانەوە بچێتە مەدرید پێویستی بەوەیە لە یاریگەی خۆیدا بردنەوە تۆماربکات، هەم بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی هەبێت، هەمیش بۆ ئەوەی متمانەیەکی زیاتر بداتەوە بە تیپەکەی، بەتایبەت کە ئەم وەرزە ئەنجامەکانی رێدز وەک پێویست نین.
 
لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکەدا چەند یاریزانێک بەهۆی پێکانەوە ئامادەنابن، ئەوانیش براهیما کۆناتێ، لویس دیاز، تیاگۆ ئەلکانتارا، ئارسەر مێلۆ و کالڤین رامزین، بەشداریکردنی داروین نونێزیش لە یارییەکەدا دیارنییە، هەرچەند لە دوایین مەشقەکانی یانەکەشدا بەشداریی کردووە

Comments