Final(١٦/٥/٢٠٢٣)
ستیفانۆ پیۆلی ڕاهێنەری یانەی میلان، لە بارەی یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنس لیگ لێدوانیدا و باسی لە یاریی یانەكەی بەرانبەر ئینتەرمیلان کرد. میلان لە یاری چوندا بە دو گۆڵی بێوەڵام لە یاریگای سان سیرۆ بە یانەی ئینتەر میلان دۆڕا. پیۆلی لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بۆ یارییەكەی ئینتەر وتی: "تیپەکە دەزانێت کە هێشتا دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمدایە، ئێمە سەرنجمان لەسەرە و بڕیارمانداوە ئەو چاوەڕوانییانە هەڵبوەشێنینەوە کە لە ئێستادا ئێمە بە دۆڕاو دەزانن". لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کەم کەس چاوەڕێی ئەوە دەکرد میلان بتوانێت بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی، لەم قۆناغەدا دەمانەوێت بگەینە یاری کۆتایی، یاریی چون بەو شێوەیە نەبو کە ئێمە دەمانەوێت. ڕاهێنەری میلان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەمو شتێک وەکو ئەوەی پلانەکەی بۆ دانراوە بەڕێوەبچێت، پێویستە لیاو و کرۆنیچ و مێسیاس ئامادەبن بۆ یارییەکە.